top of page
دەربارەی ژن
بەشی یەکەم
 
ـ "کۆمەڵگای کوردی تا ئەمڕۆ ژنی بۆ چ مەبەستێک پێویست بووە؟ ئەی ژنی کورد تا ئەمڕۆ سوودی بۆ کێ و بۆ چی هەبووە؟ هەر بۆ خزمەتی پیاو و منداڵ بەخێوکردن و کاری ناوماڵ نییە و نەبووە؟ ئێستا تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان و کارەکەرە ئەسیوپی و بەنگلادیشییەکانمان، لە ژنی کورد باشتر کارەکانی ناوماڵمان ئەنجام دەدەن. بۆ خۆراکیش دەتوانین خواردنی ئامادە بکڕین. باخچەی ساوایان و فێرگە باشترین پەروەردەی منداڵانمان دەکەن، هیچ نەبێ لە پەروەردەی ژنی کورد سەدان جار باشتر. بۆ سێکسیش، هەر ژنی ئەورووپایی و عەرەب زۆرە. ئیتر ژنی کورد ئەمڕۆ چ سوودێکی هەیە، سەرئێشە زیاتر؟ کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە ژنی کورد نەماوە. دەبێ ژنی کورد ئەرکێکی تر بۆ خۆی لەژیاندا پەیدا بکات و واتایەکی نوێ ببەخشێتە ژنبوون و ژیانی خۆی. وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە، سوودی توێکڵە مۆزێکیشی نەماوە."
١
فێمینیزم و ژێندەرناسی
سیمۆن دوبوڤوار کتێبەکەی ناوناوە "ڕەگەزی ژمارە دوو". ئەم کتێبە لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، وەک مانیفێستی فێمینیزم تەماشا دەکرا و تا ئێستەش بە بایەخێکی گەورەوە دەخوێندرێتەوە و ڕاڤەکاری بۆ دەکرێت و لە زانکۆ و زانستگاکاندا دەخوێندرێت و دەوترێتەوە. ئەمڕۆیش بووەتە بنەمای ژێندەرناسی. بەتایبەت لەبەر ئەو دێڕە بەناوبانگەی: "ئێمە بە ژنی لەدایک نابین، ئەوە کۆمەڵگایە کە دەمانکاتە ژن" دوای شۆڕشی سێکسی و شۆڕشی خوێندکارانی کۆتایی حەفتاکان لە فەڕەنسا و ڕۆژئاوادا بە گشتی، لە چاوپێکەوتنێکدا سیمۆن دوبوڤوار دەڵێت: "دەتوانم هەمان قسە بۆ پیاو بڵێم، پیاو بە پیاوی لەدایک نابێت، ئەوە کۆمەڵگایە دەیکاتە پیاو". مەبەستی سیمۆن دوبوڤوار لایەنە جەستەیی و بایۆلۆژیی و جیاوازییەکانیان نییە، مەبەست لە پلەوپایە، ئەرک و ماف، بارودۆخ و ڕوانینی کۆمەڵگا و تاکەکانە بۆ ژنێتی و پیاوێتی.
لە ناوی کتێبەکەش: ڕەگەزی ژمارە دوو، مەبەستی سیمۆن دوبوڤوار ئەوەیە کە ئافرەت لە کۆمەڵگادا بە ڕەگەزی ژمارە دوو دادەنرێت، نەک ئەوە بۆچوونی خۆی بێت لەسەر ئافرەت. وەک چۆن سەردەمی ڕژێمی سەددام، کورد بە هاوڵاتی ژمارە دوو و سێ و چوار دادەنرا.
ژنیش وەک پیاو، وەک هەموو بوونەوەر و زیندەوەرانی تر، تەنانەت لەیەک کۆمەڵگا و ژینگەی دیاریکراودا، لە هەر سەردەمێکدا بە جۆرێک بووە و لە هەلومەرجێکی تایبەت و بارودۆخێکی تایبەتدا بووە و پلەوپایەیەکی جیاوازی هەبووە. ئافرەت ڕێژەیەکی نەگۆڕ نییە. ئافرەتی هەزار ساڵ پێش، وەک ئافرەتی ئێستە نەبووە. ئافرەتێکی سەدەی پێنجی پێش زاین لە ڕۆما، لەگەڵ ئەوەی سەدەی هەژدەی زاینیدا هەر لە ڕۆما جیاوازە؛ پلە و پایەی کۆمەڵایەتی، ئاستی ڕۆشنبیری، ئاستی زانینی جیاوازن. گەر بیریار و ڕووناکبیران باسی ئافرەتیان کردبێت، باسی ئافرەتیان کردووە لە سەردەمی خۆیاندا، ڕاستە بە گشتییان کردووە، بەڵام ئەوانیش پیاون و مرۆڤن، ئەوە بیرکردنەوەی ئەو کاتەیان بووە.
ڕوانینی مرۆڤ بۆ زەوی، بۆ گەردوون، بۆ زانست و بۆ مرۆڤایەتی، ئەگەر ئەمڕۆ بەسەریدا بچینەوە، دەبینین هەڵەی لەو شێوەیەی زۆر تێدایە کە لە باسکردنی ژن و سرووشتی ژن و پلەوپایە و ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا کراوە. ئەی مرۆڤ وای نەزانیوە کە زەوی تەختە؟ کە زەوی چەقی گەردوونە؟ چەندان هەڵەی تری بەم شێوەیە کە زانا و دانایانی گەورەی بیری مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕ بوون. ژن ئەو کاتەش وا بووبێت کە ئەوان دەیڵێن، لە وڵات و بارودۆخ و ژینگەی ئەو کۆمەڵگایانەشدا وا بووبێت کە تێیدا ژیاون، ئەمە بەو واتایە نییە کە ژن هەمیشە و بە گشتی وایە. ئێمە شتەکان لە ئاستی بیرکردنەوە و پێشکەوتنی خۆماندا دەبینین، شتەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت و ئاستی بیرکردنەوە و زانستی مرۆڤیش لە گۆڕاندایە. هیچ بۆچوونێک هەمیشەیی و تا هەتاهەتایە ڕاست نییە. ئەوەی هەمیشەیی و هەتاهەتاییە زانستە. یەک و یەک دەکاتە دوو. هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە.
کە باس لە ئەورووپاش دەکرێت، هەمان ئەم بۆچوونانەی ئێمەی کورد لەسەر ژن و ژنبوون و ژنایەتی لای ئەورووپاییەکانیش هەبوون، بەڵام پێم وایە جیاوازییەکە لەوەدایە لە ئەورووپا بۆچوونی تریش هەبوون، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەشەوە، زۆر لەو بۆچوونانە نەماون. لای ئێمە بۆچوونەکان یەک بوون، ئەمڕۆیش هەر هەمان بۆچوونن. دوای ئەوە دەبێت تەماشای ژیانی تایبەتی ئەو نووسەرانە بکەیت کە لەسەر ژن و ژنبوون و ژنێتی دواون. فرێدریک نیتچە بۆ نموونە، کە لە زۆر شوێندا قسە دژەژنیی (مێزۆژین)ییەکانی وەک نموونە دەهێنرێنەوە، هەموو دەزانین گرێی دەروونی هەبووە بەرامبەر بە ئافرەت، یەکەم لەبەر ئەوەی باوکی قەشە بووە، دووەم لەبەر ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیدا زۆر خراپ بووە، ئازاریان زۆر داوە.
ڕاستە تا سەدەی بیست، گەورە بیریاران و فەیلەسووفانی ئەورووپایی بە گشتی، چ لە ژیانی خۆیاندا و چ لە بەرهەمەکانیاندا ژن و ژنبوون و ژنێتییان زۆر بەرز نەنرخاندووە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی سنووردارکردنی ئازادی ئافرەتیان نەکردووە تا ئەو ڕادەیەی شایانی کوشتن و بەستنەوە و زیندانیکردن و لێدان و سووکایەتیپێکردن بێت. بەڵام تراژێدی نووسان و ڕۆمان نووسان و شاعر و چیرۆکنووسانی ئەورووپا، هەمیشە کاریان لەم بوارەدا کردووە و کاریگەرییان لە بەمرۆڤکردن و بەنرخاندنی ژندا کردووە. ژنیان هێناوەتە ئاستی پیاو و تەنانەت هەندێ جار لە پیاو بەرزتر وێنایان کردووە. هێلێنای هۆمیرۆس، میدیای یۆرپیدێس، ئۆفێلیای شێکسپیر، نۆرای ئیبسێن، ڤارتەری گوت، مادام بۆڤاری فلوبێر و ئانا کارینینی تۆلستۆی نموونەی بەرزی پاڵەوانی ئافرەتن کە تەنانەت خیانەت و شێتی و تاوان و یاخیبوونەکانیشیان کراوەتە بەهای بەرز و جوان و پیرۆز. ئەم کارەی نووسەرانی (مەبەست لە فەیلەسووف و بیریاران نییە، مەبەست لە نووسەرانی دراما و ڕۆمان و چیرۆک و شیعرە)، گەورەترین کاریگەری بۆ سەر نەست و بیرکردنەوەی تاکی کۆمەڵگاکەیان بووە و، بووەتە بنەمای ئەم ئازادییە مەرجدارەی ئافرەت لە ئەورووپادا.
ڕاستە زۆر لە زانستە مرۆییەکان نوێن، بەڵام خۆ مرۆڤایەتی و دادپەروەری ڕێزگرتن نوێ نین؟ مەحوی و نالی و شێخ ڕەزا لە سەدەی نۆزدەدا ژیاون، ئەی بۆچی هەمان وێناکردنی ئەمانەیان نییە بۆ ژن و ژنبوون و ژنێتی؟ خۆ ئەدیبە یارسانییەکان ٦٠٠ یا ٧٠٠ ساڵ پێش ئەمانە بوون، بۆچی ئافرەتیان بەو سووکییەی ئەمان باس نەکردووە؟ ئەم ئەدیبانەمان درووستکەری وێنەی ئافرەتن لەلامان، بەشدارن لە بنیادنانی ئەو ڕوانینەی ئێستا هەمانە بۆ ژن و ژنبوون و ژنێتی. کێشەش لە ڕوانین و هەستی ناوەکی و نەستماندایە کە ئەو وێنەیە دەداتە ژن و ژنبوون.
گەر دەمانەوێت بەڕاستی بزانین بۆچوونی ئەدیب و شاعیرە کلاسیکییە گەورەکانی کورد لەبارەی ئافرەت و کۆمەڵگا و خێزان و ڕەوشتەوە چی بووە، با بڕۆین ئەو کتێبانەیان بخوێنینەوە کە لەسەر مەزهەب و فیقە و شەریعە نووسیویانە. شیعرەکانیان تەنیا یەک لەسەر چواری بیرکردنەوەیان دەر دەخات. گەر بمانەوێت بە ڕاستی بەراورد لە نێوان نیتچە و مەولەوی، نالی و ڤۆلتێر، شێخ ڕەزا و ژان ژاک ڕۆسۆدا بکەین، دەبێت یا شیعری هەردووکیان بەیەکتر بەراورد بکەین، یا نووسینەکانیان، نەک شیعری ئەم بە نووسینی ئەو و نووسینی ئەو بە شیعری ئەم.
ئەگەر ئێمە بزانین نالی لە چ بۆنەیەکدا هۆنراوەکەی لەسەر مەستوورە نووسیوە، ئەو کات تێدەگەین مەبەستی چی بووە. ئەو کاتەی کە مەستوورەی ئەردەڵان جێی هاوسەرەکەی دەگرێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەمارەتی ئەردەڵان، ڕۆژێکی نەورۆز کۆمەڵێک لە خەڵکی شارەزوور دەچن بۆ دەوروبەری سنە بۆ ئاهەنگ گێڕان. لەگەڵ کۆمەڵێک سەقزیدا دەبێتە شەڕیان و سێ شارەزووری دەکوژرێن. گوایە مەستوورە بکوژەکان دادگایی ناکات و بەر دەبن. لەبەر ئەوەی کە ئەم ڕووداوە لە سنووری دەسەڵاتی ئەودا ڕوویداوە و لەبەر ئەوەی دوژمنایەتی و شەڕێکی سارد لەنێوان ئەمارەتی بابان و ئەردەڵاندا بووە، نالی ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ سووکایەتی کردن بە مەستوورە. چونکە ئەم هۆنراوەیە دوای ئەو ڕووداوە نووسراوە. مەستوورەش وەڵامی نالی بە شیعر داوەتەوە، بەڵام کۆمەڵگای پیاوساری ئێمە وەڵامەکەی ئەوی پشت گوێ خستووە و شاردووەتەوە. چونکە لە وەڵامەکەدا هەموو ئەم ڕاستییانە جوان دیارن. هەروەها مەستوورە گلەیی لە نالی دەکات کە نەدەبوو ژنێتی ئەو بەکار بهێنێت وەک کەمی و وەک بابەتی ڕەخنە و تیر و توانج. دەڵێ بۆ شاعیرێکی گەورەی وەک نالی شوورەییە بەو شێوەیە باسی شاعیرێکی تر بکات تەنیا لەبەر ئەوەی ژنە. نالی و مەستوورە یەکتریان ناسیوە. چونکە مەستوورە سەرێکی سلێمانییە و سەردانی سلێمانی زۆر کردووە.
bottom of page