سەرکاو SARKAW
کوردم و دەتوێمەوە دەتوێمەوە دەتوێمەوە
دەربارەی ژن
سەرەتا
خوشکەکەت مەکوژە
تکایە
خوشکەکەت مەکوژە
بەگوێی دایکت مەکە
بەگوێی باوکت مەکە
بەگوێی خەڵکی گەڕەک مەکە
بەگوێی پیاوان و ژنانی تر مەکە
گەر وات پێ دەڵێن
بەگوێی دڵ و مێشکت بکە
چیت پێ دەڵێن.
. . .
ڕۆبچین و شۆڕبەربینە ناو مرۆڤایەتی لەدەستچوومان
تۆز و خۆڵ و بەرد و داری کەلاوە ڕووخاوی پاکیمان لادەین
خاکی هەزار ساڵە شێلراو و ژێرپێخراوی سرووشتمان بکێڵین
دەرگا لەسەر ماڵی کوندەپەپوی چۆڵمان بخەینە سەرپشت
ئەوسا ببینین ئێمە کێ بووین و کێین و کێ دەبین.
بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە باش بمناسیت کێم، ئەی خوێنەری بەڕێز و خۆشەویست، من ئەو کەسەم کە وتم و دەیڵێم و هەتا بمێنم دەیڵێەوە؛ ئەگەر هەموو کوردستان بڵێت خوشکەکەت (حیزە)، ئەگەر خوشکەکەم هەر لە سیانزدە ساڵییەوە پەردەی کچێنی خۆی لەدەست بدات، ئەگەر پێش ئەوەی هاوسەری هەبێت دە جار سکی پڕ بێت؛ ئینجا تاڵێک لە قژی بە هەموو کوردستان و مێژووی کورد ناگۆڕمەوە.
ئینجا دەڵێم؛ هەر ڕۆشنبیرێکی کورد، گەر ئەدەبنووسە ئەگەر هونەرمەند، گەر دەروونناسە ئەگەر کۆمەڵناس، گەر فەیلەسووفە ئەگەر ڕامیاریناس، بەدەر لە ژن‌کوژی باسی هەر بابەتێکی تری کرد، پێی بڵێ: درۆت کرد، سەرت دای لە بەرد و دوور لەڕووی خوێنەرانم؛ گووت خوارد. بڵێ؛ چونکە تاکە شتێک کە وڵات و کۆمەڵگاکەت بەرهەمیان هێنابێت و بەڕاستی (بەرهەمی خۆماڵی) درووستکراوی خۆیان بێت؛ ژنکوژییە. بۆیە تۆ، بەدەر لەم بابەتە هیچ بابەتێکی تر نا‌توانیت بناسیت؛ بیشی ناسیت (کە ئەمە ئەستەم و ئەفسانەیە)، باشترە خەڵکانی سەر بە کۆمەڵگا شارستانی و مرۆڤانەکان باسی بکەن بۆم؛ نەک تۆ، تۆی کورد.
"ژنان لە کوێن؟" ئەمە سەربەندی گۆرانییێکی فەڕەنسی کۆتایی ساڵانی حەفتاکانە.
وتیان: بە گشتی، لە ژن‌دا خۆشترین شت لەلات چییە؟
وتم: من.
وتیان: ئەی لە خۆتدا، جوانترین شت لەلات چییە؟
وتم: ژن.
ژن نیوه‌ی پیاوه، به‌ڵام نیوه‌که‌ی خواره‌وه. ئەی ئایا پیاو نیوەی ژنە؟ کام نیوەیەی؟
دەڵێم، دەشێت وشەی ئافرەت لە ئافەریدە و ئافەریندەوە هاتبێت. یان لە ئەفرۆدیت (ژنە خوداوەندی جوانی یۆنانیەکان)ەوە. یا لە کولتووری سەپێنراوی ئێمەدا وەک دایە ئاڤا، ئێڤا، ئاوا، ئەڤین (حەوا) لە بەهەشت دەرکراوە و (نەفرەت) کراوە. یان لە ئینانناـئەشتار؛ ژنە خوداوەندی جەنگ و خۆشەویستی سۆمەرییەکان (میترای هیندۆ ئێرانیەکان و ئەتێنا لای یۆنانیەکان)ەوە هاتبێت. بۆیە ئەم وشەیە بەکاردێنم.
پێم دەڵێن: تۆ وەک ئەو پیاوەیت کە لەسەر کانی ژنان گوو دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی خەڵک باسی بکەن.
دەڵێم: ئەمە کانی ژنان نییە، ئەمە دۆزەخی ژنانە. کەواتە من لەسەر دۆزەخی ژنان گوو دەکەم. بەڵێ، من تەنیا ئەوەندەم دەسەڵاتە میز بکەم بەو ئاگرەدا کە بۆ سووتانی ژنان خۆشتانکردووە. خۆزگە هەموو کەس لەجێی خۆیەوە وای دەکرد. ئەی ناڵێن: ئەگەر هەموو دانیشتوانی چین پێکەوە، لە یەک ساتدا، میزیان دەکرد، ئەوا هەموو دنیا لافاو دەیبرد؟ ئەگەر هەموو مرۆڤایەتیش پێکەوە، لەیەک ساتدا میز بکات بە ئاگری دۆزەخدا، پێدەچێت بکوژێتەوە.
من فێمینیست نیم و بەرگری لە ئافرەت ناکەم، من مرۆڤدۆستم و بەرگری لە ژیان دەکەم. ژیان و مرۆڤیش ئەمڕۆ و هەمیشە لەڕێی ئافرەتەوە دەبینرێن و بەرجەستە دەبن. بۆیە ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی یکسانە بە ژندۆستی، تەنانەت ژنپەرستی. دوژمنانی ڕاستەقینەی ژنان ئەوانەن کە ئەم ژیانەیان لا هیچە و دنیایەکی تر ئامانجیانە.
ئەی ژن! من هێندەی ئەوە ڕێزت دەگرم کە تۆ درووستکەری منیت، واتە هێندەی ژیانم. بەڵام کە من هیچ ڕێزێکم نەبوو بۆ ئەم ژیانە، ئاسایی و سرووشتییە کە هیج ڕێزێکی تۆ نەگرم.
من هه‌رگیز ئه‌و خه‌یاڵه خاوه‌م نه‌کردووه که ڕۆژێک له ڕۆژان (سیمۆن دو بۆڤوار)ێک،(ژان دارک)ێک، (ئۆلامپ دو گوژ)ێک، (ژۆرژ ساند)ێک (ڤیرجینیا وۆلف)ێک یان (ماری کوری)یێک له کوردستاندا دروستبێت. به‌ڵام به مافی خۆمی ده‌زانم هیوای ئه‌وه‌م هه‌بێت، که ڕۆژێک له ڕۆژان ئافره‌تی کورد بگاته ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به مرۆڤبوونی خۆی بێنێت. که ته‌نانه‌ت پێش پیاویش نه‌که‌وێت له دژایه‌تیکردنی ئازادی و ڕێگرتن له به‌دیهێنانی مافه‌کانی خۆیدا.
من فێمینیست نیم ژندۆستم، به‌هۆی وه‌فاداریم بۆ ئه‌و هه‌موو ئافره‌تانه‌ی به درێژایی ژیانم ناسیومن، له دایک و خوشکمه‌وه بگره تا مامۆستاکانی سه‌رده‌می قوتابێتی و ئوستاده‌کانی ده‌رسی شانۆیان پێوتووم؛ چ له کوردستان و چ له ئه‌ورووپا و، هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه‌شی که خۆشیی و تاڵیی ڕۆژگاره‌کانی ژیانم له‌گەڵدا به‌شکردوون. ئەوانەی ساته جوانه‌کانی ژیانمیان به دیاری پێشکه‌ش کردووم. تایبه‌تمه‌ندێکی فێمینیزمیش نیم، چونکه فێمینیزم سه‌ره‌تا وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و دواجار وه‌ک هه‌ڵوێستێکی تاکه‌که‌سی به‌رامبه‌ر به نایه‌کسانی و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی، بابەتێکی فراوانە و دەبێت ساڵانێکی دوورودرێژت بۆ تەرخان کردبێت، کە نەمکردووە. ژێندەرناسیش نیم، چونکە ژێندەرناسی وه‌ک هه‌ر کایه‌یێکی تر له زانین ، پێویستی به خوێندن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی فراوان هه‌یه، تا بتوانیت به شێوه‌یه‌کی بابەتییانە قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌یت. به‌ڵام تا ئه‌و جێیه‌ی ئه‌م باسه، یا ئه‌م کێشه‌یه، له‌سه‌ر ژیانی تاکه‌که‌سی خۆم و که‌سانی ده‌وروبه‌رم کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت، به مافی خۆم، بگره به ئه‌رکێکی پیرۆزی ده‌زانم باسی لێوه بکه‌م.
وا بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌چێت پرسی ژن، یان ئه‌وه‌ی لای خۆمان زۆرتر به (کێشه‌ی ئافره‌ت) ناوده‌برێت، یه‌کێکه له‌و باسانه‌ی ئه‌ندێشه‌ی داگیرکردووم. ئه‌مه باسێکه چ له ڕۆژهه‌ڵات چ له ڕۆژئاوا بوونی هه‌یه. هه‌ڵبه‌ته له دوو ئاست و له چه‌ند ئاستێکی جیاوازدا. ناتوانین بێ ئەوەی ئاوڕی لێ بدەینەوە، بەو ئاسانییە به‌لایدا تێپه‌ڕین. به تایبه‌ت بۆ من که خۆم وەک ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ند پیشانده‌ده‌م.
کێشه‌ی ئافره‌ت. بۆچی(کێشه)؟ کێشه بۆ کێ؟ مه‌به‌ست چییه له کێشه؟ کێشه چییه؟ ئه‌م پرسیارانه لام درووستبوون. به‌م شێوه‌یه هه‌وڵم ده‌دا بیری لێ بکه‌مه‌وه :
باشه ئه‌م پرسیارانه زۆر گرنگن. به‌ده‌ر له‌وه‌ش یه‌کێکیان ده‌چێته خانه‌ی فه‌لسه‌فه، یه‌کێکیتر کۆمەڵناسی، ئه‌ویتر دەروونناسی، ئه‌ویتر مێژوو ئەویتر یاساناسی. منیش له هیچ یه‌کێک له‌م بوارانه‌دا تایبه‌تمه‌ند نیم. باشه چی بکه‌م؟!
وه‌ک پیره‌ژنێکی چاوکزبوو له ماڵه‌که‌یدا بۆ شتێک بگه‌ڕێت و بیری لاواز بووبێت نەزانێت له کوێ دایناوه، ورده ورده ژێرزەمین و هەورەبان و هه‌موو دۆڵاب و که‌نتۆر و بۆفێ و سندوق و ناو جێگا و بن فه‌رش و سووچ و قوژبنی ماڵه‌که بکات، هه‌موو ئه‌و شتانه بدۆزێته‌وه که ساڵه‌های ساڵە شاردوونیه‌وه و لە هۆشیدا نه‌ماون، تەنیا ئەو شتە نەبێت کە سەرەتا بەدوویدا دەگەڕا، منیش به هه‌مان شێوه ناو بیر و ئه‌ندێشه‌ی خۆم سه‌روژێر ده‌کرد و ماڵه بچکۆلانه‌که‌ی ڕۆشنبیری خۆمم ده‌پشکنی. ئه‌مانه‌م دۆزینه‌وه .دووپاتی دەکەمەوە، ئه‌م نووسینه نه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی یا سایکۆلۆژی یا مێژوویی یا سیاسییه بۆ کێشه‌ی ئافره‌ت و، نه وتارێکی ڕۆژنامەوانیی و نه توێژینه‌وه‌یه‌کی زانستییه.
ئه‌ی چییه؟ من خۆم پێشی پرسیاره‌که ده‌که‌وم. وه‌ڵام: ته‌نیا کۆمه‌ڵێک ئه‌ندێشه‌ی که‌ڵه‌که‌بووی ئه‌م ماوه کورته‌ی ژیانمن، که له گوزەران و هه‌ڵسوکه‌وتمدا له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردی و کۆمه‌ڵگاکانی تر کە تێیاندا ژیاوم، لام گه‌ڵاڵه بوون. هیوادارم تایبه‌تمه‌ندان له‌م بوارانه‌ی خۆمیان له قه‌ره ده‌ده‌م لێم زویر نه‌بن که خۆم له باسێک هه‌ڵده‌قورتێنم تێیدا هیچ ڕابردوویه‌کی تیۆریم نییه، هه‌رچه‌نده من باوه‌ڕم وا نییه که ده‌بێت له هه‌موو باسێکدا شاره‌زاییێکی تیۆری و ئه‌کادیمیت هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مافی قسه‌کردنت تێیدا هه‌بێت. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و باسه په‌یوه‌ندییێکی ڕاسته‌وخۆی به ژیانی ڕۆژانه‌ته‌وه هه‌بێت. وه‌ک چۆن که که‌سێک ئازادی ڕاده‌ربڕین، یا کارکردن، یا ژیانی له وڵاتێک‌دا نه‌بوو، پێویست ناکات ببێته تایبه‌تمه‌ندێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی تا بتوانێت بۆچوون و ڕه‌خنه‌ی خۆی به‌ره‌نگاری کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات بکاته‌وه.
ـ بۆچی ژن؟
ـ چونکه وه‌ک هه‌موو پیاوان دایکم ژنە، خوشکم ژنە، هاوسه‌رم ژنە، کچم ژنە، پوورم ژنە، میمکم، خاڵه‌م، داپیره‌م، ئامۆژنم، خاڵۆژنم، دراوسێکه‌م، خێزانی دراوسێکه‌ی ترم، نیوه‌ی مامۆستاکانم، نیوه‌ی قوتابیانی هاوڕێم (ته‌نیا له سه‌ره‌تایی و زانکۆ) ژن بوون.
ـ کێشه‌ی ئافره‌ت. بۆچی "کێشه"؟
ـ کێشه‌ی کورد. بۆچی کێشه؟
ـ ئافره‌ت کێشه‌ی هه‌یه؟ یان ئافره‌ت خۆی کێشه‌یه؟
ـ هه‌ردووکی یه‌کن، یا له کۆتاییدا ده‌بنه‌وه به یه‌ک شت. که تۆ کێشه‌ت لەگەڵ ئەویتردا بوو، یا بۆ ئەوی تر بوویتە کێشە، ده‌بیته کێشه بۆ خۆیشت، هه‌روه‌ک چۆن که که‌سێک کێشه‌بوو بۆ خۆی، ده‌بێته کێشه‌ی ئه‌وانی تریش. کێشه له کێشمه‌کێشه‌وه هاتووه. له کێشمه‌کێشدا هه‌ردوو سه‌ر به ناچاری به‌شدارن، هه‌رچه‌نده کە یه‌کێکیشیان ڕانه‌کێشێت.
ـ که وابوو کێشه‌ی ئافره‌ت کێشه‌ی پیاویشه له هه‌مانکاتدا!
ـ به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه که کێشه‌ی ئافره‌ت نه‌بووەته کێشه‌ی پیاو، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت و به‌تایبه‌ت هێشتا نه‌بۆته کێشه‌ی ژنی کورد خۆیشی.
ـ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ژن و پیاوانه‌ی باسی ژن ده‌که‌ن و به‌ڕاستی کاری بۆ ده‌که‌ن و له پێناویدا تێده‌کۆشن؟ خۆ تۆ یه‌که‌م که‌س نیت، نه‌ک له جیهاندا ته‌نانه‌ت له کوردستانیشدا، ده‌ست له‌م کێشه‌یه‌وه وه‌رده‌یت؟
هەر کەسێک بەرگری لە شتێک کرد، بەرژەوەندی خۆی تێدایە. من کە داکۆکی و بەرگری لە مافی ژن دەکەم، بەرژەوەندیم لەوەدایە کە:
١. لەڕووم بێت بڵێم کوردم.
٢. هەر کە ژنێکی کورد دەکوژرێت، هەست دەکەم منیش بەرپرسیاریم هەیە لەو تاوانەدا، بۆیە هەوڵی کەمکردنەوە یا نەهێشتنی دەدەم.
٣. دەمەوێت کەمێک پاداشتی ئەو ئافرەتانە بدەمەوە کە منیان درووستکرد و گەیاندە ئێرە.
٤. بە ڕەوای دەبینم کە: دەمەوێت خۆشەویستبم لای ژنان.