top of page

بۆچی کوردستانم جێهێشت

  بۆ ئەوانەی دەمناسن و ئەوانەیشی نامناسن؛ ئەوانەی خۆیان بە دۆست و هاوڕێم دەزانن، ئەوانەی تازە بوونەتە دۆست و هاوڕێم و ئەوانەی لە داهاتوودا دەبنە دۆست و هاوڕێم: تکایە ئەم چەند دێڕەم بە وردی بخوێننەوە، مەبەستمە هەندێ شت لەگەڵ هەموو لایەکدا یەکلایی بکەمەوە، کە ئیتر لەم لایەنەوە باش بمناسن و بڕیاری کۆتایی خۆتان لەسەر من بدەن و بە هیچ شێوەیەک جارێکی تر ئەم باسە نەکەینەوە.
 هەندێ کورد کە بەپێی خەون و بە ئارەزووی خۆیان نییە لە کوردستان ماونەتەوە، منەت بەسەر هەندێ کورددا دەکەن کە بە ویستی خۆیان نەهاتوون بۆ ئەورووپا، بەڵکو بە ناچارای.
هەندێکی تر بەپێی ویست و ئارەزووی خۆیان لە کوردستان ماونەتەوە، بەڵام بوونەتە هۆکاری ئەوەی هەندێک کەس ناچار بێت وڵاتیان بۆ چۆڵ بکات.
هەندێکیش کە لە ئەورووپان، ئەوان بوون وڵاتیان وێران کرد و بوونە هۆکاری دەربەدەری و ئاوارەیی تۆ، کەچی پێش تۆ گەیشتن و پێش تۆ کارت و پاسپۆرتیان تەواو کرد و چوونەوە بەردەوامبن لە تاڵانکردن و وێرانکردنی وڵات و ئاوارەکردنی خەڵکدا.
کەواتە چ ئەوانەی لەوێ ماونەتەوە و چ ئەوانەی کۆچیان کردووە هەموو جۆرە کەسێکی تێدایە. بۆیە تەنیا ڕێگا بۆ هەڵسەنگاندن کار و هەڵوێستی تاکەکەسییە، نەک مانەوە یا نەمانەوە لە وڵات.
. . . 
 سەرەتا دەبێ بڵێم: لەناو هاوڕێکانمدا من یەکێک بووم لەوانەی کە هەرگیز بیرم لە هاتن بۆ هەندەران نەدەکردەوە، لەکاتێکدا ئەوان زوربەیان خەویان بە هاندەرانەوە دەبینی. کەچی من کە نەمدەویست ناچار هاتم و ئەوان کە دەیانویست ڕۆژگار وای کرد بمێننەوە. واتە نە مانەوەی ئەوان لەوێ هەڵبژاردنی ڕاستەقینەی خۆیانە و نە هاتنی منیش بۆ ئێرە.
 ـ من لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٦ کوردستانم جێهێشت. تا لە کوردستان بووم، نە بە درێژایی ژیانم یەک جار بیرم لە هاندەران کردبووەوە نە هەوڵی ئەوەم دابوو کوردستان جێبێڵم. ئەوەی وای لێ کردم جێی بێڵم شەڕی ناوخۆ بوو.
 ـ ساڵی ١٩٩١، هێشتا حامیەی سلێمانی تەواو پاکنەکرابووە و تازە ئەمنە سوورەکە ئازادکرابوو، ئێمە کۆمەڵێک شانۆکار بووین شانۆگەرییەکمان ئامادەکرد کە ڕاستەوخۆ دوای ڕاپەڕێن لە هەموو شوێنە گشتییەکانی شاردا پێشکەشی بکەین.
 ناوی ئەو شانۆگەرییە "ئاهەنگی ئاگر و ڕاپەڕین" بوو. لە دەرهێنانی ڕزگار ئەمین بوو. ئەوەبوو بە درێژایی ڕۆژانی نێوان دوو ڕاپەڕینەکە، واتە لە ڕاپەڕینەوە تا ڕەوە گەورەکە، لە حەوشەی قوتابخانەکان و باخەکان و گۆڕەپانەکانی شاری سلێمانیدا پێشکەشمان کرد. چونکە لە هەوای کراوەدا بوو، بینەرێکی ئێجگار زۆر دەهاتن و سەربە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بوون. یەکەم جار بوو شانۆ بە هەموو مانایەک دەچووە ناو بینەرەوە و هونەر تێکەڵی واقع دەبوو.
 ئێمە، پێش هەموو کەس مەبەستم لە خۆمە، بەڵام وابزانم تەنیا نەبووم لەم هەست و بیرکردنەوەیەمدا، هەموو هیوایەکمان بەو وڵاتە هەبوو. هەموو هەوڵ و وزەیەکمان بۆ بنیادنانەوەی ئەو وڵاتەمان تەرخان کردبوو. چونکە دواجار خەونی دێرینەمان هاتبووەدی: کوردستان ئازاد بوو، ئیتر بەدەست خۆمان بوو چ وڵاتێکی لێ درووست بکەین.
 تا کۆتایی ساڵی ٩٥ بەردەوام بووم لە کاری شانۆیی. هاوکات هەندێ جار لە تەلەفیزۆنی ئەوسای یەکێتی (گەلی کوردستان) هەندێ بەرنامەی دەنگیم لەسەر بابەتی هەمەجۆر تۆمار دەکرد، هەر بەرنامەیە و بڕێک پارەیان دەدامێ. چونکە حیزبی نەبووم و لەو تەلەفیزۆنە ئەندام نەبووم، وەک هەقدەست پارەم وەردەگرت نەک وەک مووچەی مانگانە.
 کە یەکێتی شەوێک بە دزی خەڵکی شاری سلێمانی، دوای کوژانەوەی کارەبا کاتژمێر یەکی شەو، سوپای ئێرانی بە دەبابە و زیلەکانییەوە بۆ لێدانی دیموکراتەکان پەڕاندەوە لای هەیبەت سوڵتان، من و هاوڕێیەکم بە دووقۆڵی گردبوونەوەیەکمان سازدا کە تێیدا هەموو هونەرمەند و ئەدیبانی شارمان بانگهێشت کرد. مەبەستمان لەم گردبوونەوەیە ئەوە بوو کە ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر بەو کارەی یەکێتی دەربڕین، بۆ ئەوەی کە حیزبێک وا نەزانێت لەبەر ئەوەی ساڵانێک (خەبات)ی کردووە ئیتر ڕەوایە هەموو شتێک بکات. ئەوەبوو دوای ئەو ناڕەزاییە تەلەفیزۆنی یەکێتی دەرگایان لەڕوومدا پێوەدا و قەدەغەبوو بە هیچ شێوەیەک بچمەوە ئەوێ.
 ٣١ی ئاب پارتی دەبابەی بەعسی هێنایە هەولێر. ئێمەیش بە هەمان شێوە کە لەگەڵ یەکێتیدا کردمان، بۆ ناڕەزایی دەربڕین مانی خواردنمان گرت. لە سەر گردەکەی (ڕعایە شباب)ی ئەوسا کە دواتر یو ئێن بنکەی خۆی لێ دامەزراند. بەم شێوەیە من لای یەکێتیش و لای پارتیش بوومە گێرەشێوێن و ئاژاوەگێڕ، واتە دوژمن.
 بەڵام هێشتا هەر بیرم لە ئەورووپا نەدەکردەوە. ئەوەبوو باری دەروونیم زۆر تێکچوو. کاریگەری براکوژی لەسەر مێشک و دڵ و ناخم وەک کاردانەوەیەکی دەروونی خۆی نواند. دەبوو ئەو وڵاتە بە زووترین کات جێبێڵم، ئەگینا گومانم نییە کە دەکەوتمە سەرجادە. جێم هێشت و چووم بۆ ئێران.
 لە ئێران ساڵێک کرێکاریم کرد و چاوەڕێ بووم بارودۆخی کوردستان باش بێت کە بگەڕێمەوە. هەروەها چونکە کارم دەکرد، دەمتوانی هەندێک پارە بۆ ماڵەوە بنێرمەوە. خۆیشم دەروونم پشوویەکی وەردەگرت. لەوێش بیرم لە ئەورووپا نەدەکردەوە. تا دوای ساڵێک بێهیوا بووم لە وەی گۆڕانکاری لە کوردستان ڕووبدات. بێهیوابووم کە ئیتر بتوانم لەو وڵاتە جێم بێتەوە، بتوانم کاری هونەری بکەم، بتوانم تەنانەت ئابڕوومەندانە بەپێی خۆمەوە بووەستمەوە، بڕیارم دا بچم بۆ تورکیا.
 لە تورکیاش ساڵێک ئیشی (یەخامە< جل شتن بە ئامێر) و چێشتخانە، تا کاتی پێش دەرچوونم، دوای ساڵێک لە مانەوەم، بە هیچ جۆرێک بیرم لە ئەورووپا نەدەکردەوە. ترسی ئەوەی بکەومەوە دەست پارتی و یەکێتی، بەتایبەت پارتی کە ئەوکات باسی زیندانەکانیان دەکرد و باسی دڕندەییان دەکردن، بڕیارم دا بۆ هەتا هەتایە خۆم لەو دۆزەخە دوور بخەمەوە.
 مانەوەت لە وڵات مەکە بە دەسکەوت و منەت بەسەر میللەتەوە، بەدەر لەوەی کە هەڵبژاردنی خۆت نییە لەوێ بمێنیتەوە و ئێستەیش ئەگەر ترسی لەدەستدانی هەندێک (هەلومەرجی لەبار) نەبێت، یەک چرکە لەو وڵاتەدا نامێنیتەوە، منیش ئەگەر لە ترسی هەندێ بارودۆخ نەبێت، یەک چرکەی تر نەدەمامەوە و دەگەڕامەوە کوردستان.
 مرۆڤ چ لێرەبێت و چ لەوێ، گرنگ ئەوەیە چی دەکات: چ بۆ خۆی و چ بۆ ئەوانی تر. وڵاتیش هی ئەو کەسە نییە تێیدا نیشتەجێیە و لە زیان زایتر بۆ ئەو وڵاتە هیچ باشەیەکی نییە، بەڵکو هی ئەو کەسەیە کە تێیدا ناژی، بەڵام ئەوپەڕی دڵسۆزەبۆی و هەر هەل و بوارێکی بۆ بڕەخسێت خزمەتی دەکات.

bottom of page