top of page
سەرکاو SARKAW
کوردم و دەتوێمەوە دەتوێمەوە دەتوێمەوە
بەندی کوردی
..کاروان شارەوانی
..(کێ بوو وتی بەندبێژەکان شاعیر نین؟ ئەی شیعر ئەمە نەبێ چییە؟)
دەستم لە ملیکە چاوجوان، وەک جوانێکی جوان ئاسا
پەژارەت کرد بە هاوڕێم، چییە ئەو دەنگوباسە؟!
. . .
سلێمانیت بەقوربانبێ، لەگەڵ شاری هەولێرا
سەرتۆپی هەموو جوانان، دەوای دەردم، شلێرە
لەبەر سەرکوڵمەی دەمرم، دەڵێی قاشە پەنێرە
دێوانەی خاڵی ڕووی تۆم، مەردبە نامە بنێرە
لە شاری سلێمانیدا بە تەنیا ماوم، خێرە!
هەتیوم بێ دایە و باب، ماچی تۆ بۆ من خێرە
ئەگەر دڵداری منی جار جار نامە بنێرە
. . .
دەچمە سەری سەفینێ، بەرامبەر بە بالیسان
سنگت مەکتەبی مهاباد، دانیشگای موهەندیسان
مەکتەبێکی باڵایە، زۆر کەس لێی بوون بە ئینسان
سەردەشتت لەسەرگێڕم مامزژنی نێو خولیسان
چ خەتایەک ڕووی داوە وا لێمان زیزبووی دیسان؟
لەبەر ئەو سینگەت دەمرم هەڵچووە وەک باخ و بێستان
. . .
دەچمە سەر مەخاکۆیێ بەرامبەر بە فەرەنگی
جووتێک شەمامەی خاڵخاڵ لەمن هەڵدێنن ژەنگی
ئەو ئالەمە لۆمەمکا بۆ خۆم دەگرم بە چنگی
کراسێکی لەبەردایە هیچ کەس نازانێ ڕەنگی
سەروەت و ماڵم بۆ تۆ ئەلحەقی شۆخ و شەنگی
ماوەیەکە نەمدیویت نازانم بۆ بێدەنگی
لەسەر ئەو چاوەی تۆیە، با لێمدەن بە تفەنگی
bottom of page